رێباز عوسمان

هه‌تا مردن هه‌ر یه‌کێتیم خوێنم سه‌وزه

هه‌تا مردن هه‌ر یه‌کێتیم خوێنم سه‌وزه

هه‌رچوارپارچه‌ی کوردستانم باش ئه‌مناسن بۆ جوامێری

له ‌باکوردا ئاسمان کورته به‌باڵامان

له ڕۆژهه‌ڵات ماڵمان لای ماڵی ته‌واره

له رۆژئاوا ئه‌رز ئه‌له‌رزێ له‌تاو حیله‌ی جوانوی شاخم

له باشور پڵنگی ناو به‌فرن کوڕانم

له‌هه‌رجێیه‌ک برسی لێبێ نانم له‌وێ

له هه‌رماڵێ سه‌رما هه‌بێ ئاگردانم

داڕمانو باوک مرن

هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌و خۆکوژی

نه‌یان توانی شکست به‌شۆڕشم بێنن

هه‌رکاتێ هه‌ست به‌پیری بکه‌م

ئه‌بمه‌وه به مناڵێکی نۆ پێچکه‌و

سه‌رله‌نوێ پێ ئه‌گرمه‌وه

زریان و گه‌رده‌لول هاتن

لقو چڵیان زۆر شکاندم

گه‌ڵایان زۆر هه‌ڵوه‌راندنم

به‌ڵام هه‌رگیز نه‌یانتوانی

له‌م خاکه‌م جیا بکه‌نه‌وه

باوه‌ڕم هێند قوڵه

به‌زریانو به‌گه‌رده‌لول

هه‌ڵ ناکه‌نرێم

،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،

زویر مه‌به

ئازیزه‌که‌م

گه‌رهه‌موو کیژانی ئه‌م شاره

سه‌یریان کردم

سه‌یریان ناکه‌م

خێرا بۆلای تۆ دێمه‌وه

فریشته‌که‌م

گه‌ر هاوڕێکانم مه‌ست بونوو

به‌سته‌و گۆرانی دامه‌زرا

من هیچ ناڵێم

له‌دڵی خۆما

ناوه‌که‌ی تۆ ده‌ڵێمه‌وه

نازداره‌که‌م

گه‌ر له‌سه‌یران و خۆشی بم

له‌پرسه‌بم له‌گریاندا

یان له فیرده‌وسی به‌ریندا

باوه‌ڕ بکه

بۆلای تۆ ئه‌گه‌ڕێمه‌وه

خانمه‌که‌م

گه‌ر له‌کاتی بێزاریدا

جامێک خه‌ماویان بۆهێنام

زویر مه‌به

که‌به‌بێ تۆ ئه‌یخۆمه‌وه

،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،

نه‌ورۆز و گردی یاره

ئه‌چین به‌ره‌و گردی یاره

نه‌ورۆز ئه‌که‌ین ئه‌م به‌هاره

نه‌ورۆزت پیرۆزبێ یاره

یاره  یاره یاره

نه‌ورۆزت پیرۆزبێ یاره

ئه‌گه‌ر هاتو له‌نه‌ورۆزا

جه‌سته‌ی خۆم دانه‌گیرسێنم

به نه‌ورۆزی قه‌ت نازانم

یاره یاره یاره

نه‌ورۆزت پیرۆزبێ یاره

ئه‌گه‌ر ئێستا به‌سه‌ر باڵای

نیشتیماندا به‌کوڵ نه‌گریم

چۆن له واتای یاد بزانم

یاره یاره یاره

نه‌ورۆزت پیرۆزبێ یاره

له‌لادێ بێت یان له‌شارا

له‌هه‌موو جیهاندا دیاره

گڕی نه‌ورۆز کڵپه داره

یاره یاره یاره

نه‌ورۆزت پیرۆزبێ یاره

سه‌رچۆپی کچ له‌رزانه‌یه

جلی کوڕان کوردانه‌یه

تۆڵه‌ی کاوه جه‌ژنانه‌یه

یاره یاره یاره

نه‌ورۆزت پیرۆزبێ یاره

به‌هاره کانی سازگاره

گوڵی چنور له کێو دیاره

دڵ بۆیاره بێ قه‌راره

یاره یاره یاره

نه‌ورۆزت پیرۆزبێ یاره

بولبول له‌تاو گوڵ بێ هۆشه

کوردان هه‌مو دڵیان خۆشه

دوژمن له‌داخا ڕه ‌شپۆشه

یاره یاره یاره

نه‌ورۆزت پیرۆزبێ یاره

یاره یاره یاره

،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،

هه‌ڵه‌بجه جوانه پیرنابێ

هه‌ڵه‌بجه جوانه پیرنابێ

تیشکی خۆره

ته‌نیا به‌شه‌وان ئه‌خه‌وێ

هه‌ڵه‌بجه هێند سیحراوییه

هاوینان ئه‌بێت به باران

چرۆ ئه‌کات به پایزان

هه‌مو شه‌وێک له‌ناو خه‌ودا

هه‌ڵه‌بجه پۆله نه‌وره‌سه و

له ‌که‌ناری چاوانمدا

له‌نگه‌ر ئه‌گرێ

له‌م ته‌نگه‌ژاوه‌ی دڵمدا

دارێک نه‌ماوه سه‌وز بێ

له‌م بێزارییه‌ی ناخمدا

باخێک نه‌ماوه زه‌رد نه‌بێ

بۆدڵ دانه‌وه‌ی ئه‌م دڵه

هه‌ڵه‌بجه دێتو گوڵ ئه‌گرێ

به‌داوێنی شنروێوه

بوکی ڕازاوه‌ی به‌هاره

له‌ناو سینه‌ی شاره‌زوردا

هه‌ڵه‌بجه گوڵی هه‌ناره

زه‌ڵم بێ ئه‌و وشکه لێوی

دنیا بێ ڕه‌نگه بێ ڕه‌نگی

هه‌ڵه‌بجه جوانه پیر نابێ

له‌گه‌ڵ هه‌موو جوانێ یاره

،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،

سلێمانی

شاری شاران ڕازاوه‌یه

تابڵێی دڵ کراوه‌یه

گوڵی جوانی به‌لاوه‌یه

ڕازاوه‌یه سلێمانی

خۆشه به‌زمی ئێوارانی

کانی و ئاوی کانێسکانی

هه‌ڵپه‌ڕکێی سه‌رچنارانی

مه‌ی نۆشینی ده‌باشانی

ئاوه‌دان بێ سلێمانی

خه‌ڵکی شارن قاره‌مانن

دوانزه سواره‌ی مه‌ریوانن

وه‌کو هه‌ڵۆی سه‌ر کێوانن

ڕازاوه‌یه سلێمانی

چی بنوسم بۆئه‌و شاره

پێشکه‌شی که‌م ئه‌م به‌هاره

دڵ بۆ ئه‌زمه‌ڕ بێ قه‌راره

هه‌رشاری شارانه شاره

ئاوه‌دان بێ سلێمانی

هه‌مو وه‌رزێ شارم جوانه

کیژی شارم شای جوانانه

رۆحی شیعر بۆی قوربانه

ئاوابێت شاری بابانه

ڕازاوه‌یه سلێمانی

ئاوه‌دان بێ سلێمانی

،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،

خه‌رمان

دیسان خه‌رمانه وا له ئاسمانه

به‌پرشه‌ی خه‌رمان ئاسمان واجوانه

به‌ده‌وری مانگ دا خه‌رمانه‌ی داوه

له‌ڕه‌شی چاوی دڵ سه‌رشێواوه

 ئاسمان به‌بێ مانگ وه‌کو ئارانه

خه‌رمانه نه‌بێت ئاسمان وێرانه

ئاسمان چراخان خه‌رمانه دیاره

خه‌رمان دیار نه‌بێ مانگ که‌ی دیاره

هه‌رشه‌وێک خه‌رمان دوربێت له‌ئاسمان

مانگه‌شه‌و تاریک ئاسمان بیابان

له‌دوری خه‌رمان دڵ تاریک داهات

چاوم بو به مانگ خه‌رمان هه‌ر نه‌هات

،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،

دایک

دایکی دوور له‌من ئه‌ی نوری چاوم

که‌یادت ئه‌که‌م قوڵپ ئه‌دا چاوم

بۆکۆشی گه‌رمو لایلایه‌ی شه‌وان

بارانی سه‌رکێو رۆده‌کا چاوم

له‌تاودوری تۆ بوم به‌دێوانه

هه‌ربه‌یادی تۆ ڕوناکه چاوم

تاده‌مه‌و به‌یان له‌چاومه شێوه‌ت

دڵ گریه‌ده‌کات ناڵه‌ی دێ چاوم

دایه‌گیان ناوت نه‌خشه له‌دڵما

جوانی ڕوخسارت عه‌کسه له چاوم

لاشه‌م تۆزی ڕێت سه‌رم قوربانت

دایه بفه‌رمو پێ بنێ سه‌ر چاوم

ئه‌گه‌ر تۆنه‌بی ئه‌وا منیش نیم

دوور له‌چاوی تۆ تاریکه‌چاوم

باشم له‌بیره ئێشک گرم بویت

قه‌زات له‌باڵام ئه‌ی هه‌ردو چاوم

خۆم به‌قوربانی هاتوچۆی ماڵت

به‌ر پێت ئه‌ماڵێ برژانگی چاوم

له‌وڕۆژه‌وه‌ی من دابڕاوم لێت

هه‌روه‌کوتاڤگه هاژه‌ی دێ چاوم

له‌دوری سۆزت ڕێباز بێکه‌سه

تا دوربم له‌تۆهه‌ر ده‌گری چاوم

ئه‌م هۆنراوه‌یه هونه‌رمه‌ن ( چۆمان ڕه شید ) کردویه‌تی به‌گۆرانی

،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،

خه‌یاڵه‌کان قسه ئه‌که‌ن

  1

ته‌نیا ئه‌وکاته‌سه‌ربه‌ستم
که‌عه‌قڵ لام میوان نه‌بێت

2

دارچواله‌یه‌کی هاوڕێم پێی وتم
ئه‌مشه‌وپێکێ زیا نۆش بکه‌
بۆی زیاترله‌لام دانیشیت

3

ڕۆژێک کچێک ماچی کردم
له‌خۆشیا
گوڵێکی سورم بۆکڕی
ئه‌م ڕۆ ماچی کچێکم کرد
له‌شه‌رما
وه‌کوگوڵ سورهه‌ڵگه‌ڕا

4

گریان یه‌که‌م هاوڕێی منه‌
هه‌رکاتێ دڵم ته‌نگ ببێت
خێرائه‌گاته‌به‌رده‌مم
ئاخرمن چۆن
دڵ سۆزی ئه‌و له‌یاد بکه‌م

5

نه‌وره‌سێکی کۆنه‌هاوڕێم
دوێنێ شه‌ومیوان بوو له‌لام
له‌ناودڵما جێگام بۆداخست بۆی بنوێ
به‌ڵام سه‌د ئاخ
هه‌تاکوبه‌یانی

هه‌تاکوبه‌یانی
ترپه‌ی دڵم نه‌ی هێشتبوو که‌مێ بنوێ

6

دایکم و من ده‌ریا و نه‌وره‌س
خاچ و عیسا کورد و ئاران
مانگ و زه‌ریا ژن و خواوه‌ند
هه‌موومان هه‌ریه‌ک شتین که‌سمان نییه‌

هێنده‌شیعراوییه‌دڵم
ووشه‌له‌زارم ئه‌چۆڕێ و
په‌ند له‌په‌نجه‌م هه‌ڵ ئه‌وه‌رێ
باڵاشم بۆته‌قافییه‌

8

که‌ته‌وقه‌له‌گه‌ڵ ژن ئه‌که‌م
واهه‌ست ئه‌که‌م
ئه‌ستێران له‌سه‌رده‌ستم ئه‌ڕوێن و
نه‌وره‌س بۆمن پێئه‌که‌نێ

9

خۆتم لێ زیز مه‌که‌گوڵم
واهه‌ست مه‌که‌که‌جێت دێڵـم
ئه‌گه‌ربشڕۆم
دڵمت له‌لا جێ ده‌هێڵم
چاوم ئه‌که‌مه‌ئه‌نگوستیله‌ و
له‌نێوپه‌نجه‌تی دائه‌نێم

10

ئه‌گه‌رهاتی
کراسێکی له‌په‌ڕه‌ی گوڵ

ته‌نکترم بۆله‌به‌رکه‌
بۆئه‌وه‌ی که‌ماچم کردی
ڕه‌نگی لێوم
به‌کراسه‌که‌ته‌وه‌جێ بمێنێ

11

کراسه‌که‌ت دامه‌که‌نه‌
نامه‌حره‌مین به‌یه‌کتری
نه‌با کوردێک بمان بینێ و
لای به‌رد شکاتت لێ بکات

12

ڕه‌نگه‌ئێستا به‌رد ببارێت
چه‌تری ده‌ستیشمان هه‌ر گوڵه‌
ئه‌رێ خوایه‌
بۆڕه‌حمێ به‌کورد ناکه‌یت

13

هه‌موو شتێ کۆتاییه‌
سه‌ره‌تا بۆ هیچ شتێک نییه‌
وه‌ک خوێندنه‌وه‌ی ئه‌م چه‌ند دێڕه‌
بێ سه‌ره‌تاو کۆتاییه‌...

،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،

لانه‌ی ئازار

خێوه‌تمان ڕوی له‌بایه

مناڵمان چاو به‌گریان

ده‌ست له‌وهه‌ورانه مه‌ده‌ن

نه‌با دایکه‌نه باران

،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،

ماڵمان له‌سه‌ر ڕوباره

سه‌وڵی ده‌ستمان شکاوه

سه‌رچاوه ئازارمه‌ده‌ن

شه‌پۆلانی به‌تاوه

،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،

باڵمان لای باڵنده‌یه

چاومان لای دارستانه

گه‌ڵا هه‌ڵمه‌وه‌رێنن

وه‌رین پیشه‌ی خه‌زانه

،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،

چاومان فێره گریانه

دڵمان لانه‌ی ئازاره

ڕێگه له‌خه‌فه‌ت مه‌گرن

دڵ بێ خه‌م بێقه‌راره

،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،

ڕه‌شبه‌ڵه‌ک بۆئازار بگرن

ئاوازی خه‌فه‌ت لێ ده‌ن

شایی بۆسه‌فه‌ر ڕێک خه‌ن

پێکی فرمێسک تێکه‌ن

،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،

بۆگریان چاومان ئه‌گری

سه‌رمان به‌سه‌فه‌رمه‌سته

خانه‌خوێی ژانه دڵمان

ناڵه‌مان بووه به به‌سته

،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،

ماڵ بۆچۆڵی واڵاکه‌ن

ده‌رگا له‌خه‌نده داخه‌ن

بچنه پێشوازی ئازار

فه‌رشی گوڵ بۆخه‌م ڕاخه‌ن

،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،،

خه‌ماو

ده‌سوتێمو پشکۆی گه‌ردون

هێرش بۆلای جه‌سته‌م دێنێ

،،،،،،،،،

هاژه‌هاژی فرمێسکی چاو

خۆشیو شادیم ئه‌تۆرێنێ

،،،،،،،،،

هێمن‌هێمن ته‌

/ 0 نظر / 23 بازدید